٢ نیسان ٢٠١٧ - ١٧:٠٤
چی بە سەر گشتپرسی تورکیا دێت، بەڵێ یان نەخێر

بەشێكی بەرچاوى ئەندامانی پارتەكەی ئەردۆغان دوودڵن لەوەی سیستەمی پەرلەمانى بە سیستەمی سەرۆكایەتی بگۆڕنەوە

رۆژی 16ی نیسانی داهاتوو خەڵكی توركیا لەچوارچێوەی گشتپرسییەكدا بە "بەڵێ" یان "نەخێر" دەنگ لەسەر گۆڕانكاریی دەستوورەكەیان دەدەن، بەمەش بەشداری لە چارەنووس سازترین رووداوی یاسایی و سیاسی 30 ساڵی رابردووی توركیا دەكەن.

نزیكەی دوو هەفتە بۆ ئەو رووداوە گەورەیە ماوە، هەتا ئێستا لە رواڵەتدا دەنگی "بەڵێ" زەق و بەرچاوە، بەمەش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، دەتوانێ ئامانجەكەی خۆی بپێكێ كە بریتییە لە زیاتركردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمار.

هەتا ئێستا هیچ بەڵگەیەك لەبەردەست نییە كە پشتڕاستی بكاتەوە دەنگی "نەخێر" بتوانێ سەرووی 50%ی دەنگەكان بهێنێ و شكست بە پلانەكەی ئەردۆغان و ئاكپارتی بهێنێ. بەگوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵی ئەمریكی، راپرسییەكان وا دەردەخەن كە جیاوازیی دەنگەكان هێندەش زۆر نییە، لە كاتێكدا بەشێكی بەرچاو لە ئەندامانی پارتەكەی ئەردۆغانیش دوودڵن لەوەی سیستەمی پەرلەمان بە سیستەمی سەرۆكایەتی بگۆڕنەوە.

ئەتیان مەحجوبیان، راوێژكاری سیاسی ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە: "ئەمە كێشەیەكی گەورەیە بۆ ئاكپارتی. ئەوان وایاندەزانی زۆر بە ئاسانی 60%ی دەنگەكان دەهێنن. ئەگەر بڕیار بێت لەرۆژی گشتپرسییەكەدا شۆكێك رووبدات، ئەو شۆكە لە قازانجی دەنگی (نەخێر) دەبێ. راستە حكومەت كەشێكی دروستكردووە كە لە بەرژەوەندی دەنگی (بەڵێ) بێت، بەڵام خەڵكێكی زۆر دەترسن لەوەی دان بەوەدا بنێن كە بە (نەخێر) دەنگ دەدەن، هەر بۆیە راستییەكان بۆ راپرسییەكان نادركێنن".

بەگوێرەی راپرسییەكی ناوەندی مێترۆپۆڵ 82%ی ئەندامانی ئاكپارتی بە "بەڵێ" بەشداری گشتپرسییەكە دەكەن، 9%ی دەنگدەرانی ئەم پارتە بە نەخێر بەشدار دەبن و 8.8%ی دەنگدەرانی هەتا ئێستا یەكلایی نەبوونەتەوە. ئاكپارتی بۆ سەركەوتن لەم گشتپرسییەدا پشت بە دەنگەكانی پارتی بزووتنەوەی میللی (MHP) بە سەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی دەبەستێت، بەڵام ئاكامی راپرسییەكەی مێترۆپۆڵ هەواڵی خۆش بە ئەردۆغان و لایەنگرانی نادات، چونكە بەپێی ئەو راپرسییە تەنیا 18.7%ی دەنگدەرانی ئەم پارتە دەنگیان دەخەنە پاڵ چاكسازییە دەستوورییەكە و 71.5% بە دەنگی "نەخێر" دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان، لە كاتێكدا 9.8%ی دەنگدەرانی ئەم پارتە نەتەوەپەرستە هەتا ئێستا بڕیاری كۆتاییان نەداوە بە چ دەنگێك بەشدار دەبن.

ئەم پارتە لە دوایین هەڵبژاردنی توركیادا 11.9%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە، هەر بۆیە دەنگی ئەم پارتە رۆڵی یەكلاكەرەوە دەگێڕێ لە دیاریكردنی چارەنووسی گشتپرسییەكەدا. ئاماژە بەراییەكان وا دەردەخەن سەركردایەتیی مەهەپە بەشێوەیەكی سەرەكی لەگەڵ "بەڵێ"ن، بەڵام بەشێكی بەرچاو لە دەنگدەرە ئاساییەكانی پارتەكە دەنگیان لە پاڵ "نەخێر"ە.

دوو پارتی سەرەكی كە دژی پلانەكەی ئەردۆغانن، بریتین لە پارتی دیموكراتی گەلان (HDP) و پارتی گەلی كۆماری (CHP). بەگوێرەی راپرسییەكەی كۆتایی مانگی رابردووی مێترۆپۆڵ 87.9%ی ئەندامانی هەدەپە بە "نەخێر" رووبەڕووی گۆڕانە دەستوورییەكەی توركیا دەبنەوە، 6.6%ی ئەندامانی ئەم پارتە كوردییە پشتگیری لە گۆڕینی دەستوور دەكەن و 5.5%یش هێشتا بڕیاری كۆتاییان نەداوە. هیچكام لە چوار پارتە سەرەكییەكەی توركیا هێندەی پارتی كۆماری دژی هەموارە دەستوورییەكە نین، بە جۆرێك 92.7%ی دەنگدەرانی ئەم پارتە دەنگی "نەخێر" دەخەنە نێو سندووقەكانی گشتپرسییەكەوە، 2.4% ی دەنگدەرانی ئەم پارتە دەنگی "بەڵێ" بە هەموارەكە دەدەن و 4.8%یش هەتا ئێستا بە بڕیارێكی یەكلایی نەگەیشتوون.

ئەگەرچی هەتا ئێستا بەڕواڵەت ئەگەری سەركەوتنی پلانی ئاكپارتی بۆ گۆڕانكاریی دەستووری زۆرە، بەڵام لەگەڵ نزیكبوونەوە لە رۆژی گشتپرسییەكە ژمارەی دەنگەكان لێك نزیك دەبنەوە، هەر ئەمە خۆی دژایەتی لەگەڵ پلانەكەی سەرۆك بەهێزتر دەكات. ئەگەر ئەردۆغان لەم گشتپرسییەدا بدۆڕێت، مانای وایە بۆ یەكەمجار لە 2003وە تووشی پاشەكشەیەكی گەورەی سیاسی بووە، ئەمەش تەلیسمی ئاكپارتی و ئەردۆغان (وەكوو هێزێكی لە شكست نەهاتوو) دەشكێنێ.

شكستی دەنگی "بەڵێ" لەم گشتپرسییەدا بە مانای دەستلەكاركێشانەوەی ئەردۆغان نییە، بەڵام ئەوەی شەقامی توركیای نیگەران كردووە، ئەوەیە كە نازانرێ كاردانەوەی ئەردۆغان بەرامبەر شكست لەم گشتپرسییە چی دەبێ. ئەزموونی دوو ساڵی پێشوو وا دەردەخات هەر كاتێك ئاكپارتی تووشی شكستی گەورە هاتبێ، سەقامگیریی توركیاش تووشی كێشەی گەورە بووە. نموونەی ئەمەش هەڵبژاردنەكانی هاوینی 2015 بوو كە تێیدا ئاكپارتی نەیتوانی زۆرینەی رەهای كورسییەكانی پەرلەمان بهێنێ.

ئاكامی ئەمە دەستپێكردنەوەی شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە و هەڵوەشانەوەی پاكێجی ئاگربەست و ئاشتی بوو. لە چەند هەفتەی رابردووشدا ئەردۆغان (بۆ راكێشانی دەنگی ناسیۆنالیستەكان) هێرشێكی توندی لە دژی ئەوروپا دەستپێكردووە، بەڵێنیشی داوە لە دوای گشتپرسییەكەی 16ی نیسان بە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و یەكێتیی ئەوروپا و رێككەوتنی تایبەت بە كۆچبەران لەگەڵ یەكێتییەكەدا بچێتەوە.

توركیا بۆچی ریفراندۆم دەكات؟

لەو گۆڕانكارییە دەستوورییەدا فۆكەسی سەرەكی لەسەر فراوانكردنی سنووری دەسەڵاتەكانی سەرۆككۆماری توركیایە، گشتپرسییەكەی 16ی مانگی داهاتوو ئەم گۆڕانكارییانەی خوارەوە لە دەستووردا دەكات:

یەكەم: پۆستی سەرۆكوەزیران هەڵدەوەشێتەوە. پۆستی جێگری سەرۆككۆمار دادەنرێ كە رەنگە لە دوو یان سێ كەس پێكبێت.

دووەم: سەرۆككۆمار دەبێ بە بەرپرسی یەكەمی دەسەڵاتی جێبەجێكار و دەوڵەتیش، دەشتوانێ پەیوەندییە حیزبییەكانی خۆی بهێڵێتەوە.

سێیەم: سەرۆككۆمار دەسەڵاتی دیاریكردنی وەزیرەكان، ئامادەكردنی پڕۆژەی بودجە، دەستنیشاكردنی زۆرینەی دادوەرە باڵاكان و كاراكردنی هەندێك یاسای دیاریكراوی دەبێت.

چوارەم: پەرلەمان مافی لێپرسینەوە یان وردبوونەوە لە كاروباری وەزیرەكانی نامێنێ. بەڵام دەتوانێ بە زۆرینەی دەنگ داوای لێپرسینەوە لە سەرۆك بكات. بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێ سەرۆككۆمار رەوانەی دادگا بكات، دەبێ دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران لەگەڵ داواكەدا بێ.

پێنجەم: ژمارەی پەرلەمانتاران لە 550 بۆ 600 ئەندام بەرز دەكرێتەوە.

شەشەم: هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی هەموو پێنج ساڵ جارێك لە یەك رۆژدا بەڕێوەدەچن. هەموو كەسێك تەنیا دوو خولی لەسەر یەك مافی ئەوەی دەبێ سەرۆككۆماری توركیا بێ.